له‌ دانیشتنى ئه‌مڕۆدا
په‌رله‌مان یاسای پێدانى بودجه‌ى حزبه‌كانى په‌سندكرد ‌و كۆتاییهاتنى خولى گرێدانى دووه‌مى ساڵى یه‌كه‌مى خۆی راگه‌یاند

24/07/2014 05:34:00 م
سه‌عات 10ی سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ 24/7/2014 به‌سه‌رۆكایه‌تیی یوسف محه‌مه‌د صادق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان‌و ئاماده‌بوونی جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئیمینكى جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و فه‌خره‌دین قادر عارف سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (19)ی ئاسایی خولی گرێدانی دووه‌م ساڵی یه‌كه‌م له‌خولی چواره‌مى هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو. 
سه‌ره‌تا سه‌رۆكى په‌رله‌مان به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ى خوێنده‌وه‌ كه‌ له‌ دوو خاڵ پێكهاتبوو، خاڵى یه‌كه‌م بریتی بوو له‌ خستنه‌روو ‌و گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسای پێدانى بودجه‌ى حزبه‌كانى هه‌رێمى كوردستان-عیراق ‌و راپۆرتى لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌ یاساكه‌ به‌پێى ماده‌كانى (72،74،77) له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992ى په‌رله‌مانى كوردستان-عیراق، خاڵى دووه‌م ‌و كۆتایى به‌رنامه‌ى كاریش بریتی بوو له‌ راگه‌یاندنى كۆتاییهاتنى خولى گرێدانى دووه‌م ساڵى یه‌كه‌م له‌ خولى چواره‌مى هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانى كوردستان له‌لایه‌ن به‌ڕێز سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان به‌پێى بڕگه‌ى (2) له‌ ماده‌ى (17)ى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان ژماره‌ (1)ى هه‌مواركراوى ساڵى 1992ى په‌رله‌مانى كوردستان-عیراق. 
به‌پێى خاڵى یه‌كه‌مى به‌رنامه‌ى كار، سه‌رۆكى په‌رله‌مان داواى له‌ لیژنه‌كانى (كاروبارى یاسایى ‌و ناوخۆ ‌و ئاسایش ‌و ئه‌نجومه‌ن خۆجێیه‌كان ‌و دارایى ‌و ئابوورى ‌و وه‌به‌رهێنان) كرد بێنه‌ شوێنى تایبه‌ت بۆ خوێندنه‌وه‌ ‌و خستنه‌رووى ماده‌ ‌و بڕگه‌كانى پڕۆژه‌ یاسای پێدانى بودجه‌ى حزبه‌كان ‌و راپۆرتى لیژنه‌ى هاوبه‌ش له‌باره‌یه‌وه‌، بۆئه‌وه‌ى ئه‌ندامانى په‌رله‌مانیش سه‌رنج ‌و تێبینی ‌و پێشنیازه‌كانى خۆیانى له‌باره‌یه‌وه‌ بخه‌نه‌روو.
دواى خوێندنه‌وه‌ى راپۆرتى لیژنه‌ى هاوبه‌ش به‌ هه‌ردوو زمانى كوردى ‌و عه‌ره‌بی سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌ یاساكه‌، له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كه‌وه‌ پێشنیازكرا كه‌ ئه‌و راپۆرته‌ هاوبه‌شه‌ بكرێته‌ بنه‌ما بۆ گفتوگۆكردنى، ئه‌و پێشنیازه‌ش خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ كۆى ده‌نگ په‌سندكرا.
سه‌باره‌ت به‌ ماده‌ى یه‌كه‌مى پڕۆژه‌ یاساكه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ راپۆرتى لیژنه‌ى هاوبه‌شدا هاتبوو كه‌ تیایدا داواى دابینكردنى بودجه‌یه‌كى ساڵانه‌ بۆ حزبه‌ سیاسییه‌ مۆڵه‌تدراوه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان كراوه‌ له‌ بودجه‌ى گشتیدا، له‌ ئه‌نجامى گفتوگۆكردنیدا پێشنیازكرا كه‌ وشه‌ى (قه‌واره‌) له‌ دواى ده‌سته‌واژه‌ى (حزبه‌ سیاسییه‌ مۆڵه‌تدراوه‌كان) زیادبكرێت ‌و به‌وشێوه‌یه‌ى لێبێت (حزب ‌و قه‌واره‌ سیاسییه‌ مۆڵه‌تدراوه‌كان)، به‌ڵام ئه‌و پێشنیازه‌ ده‌نگی پێویستى نه‌هێنا ‌و به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ ره‌تكرایه‌وه‌.
هه‌روه‌ها پێشنیازكرا كه‌ بڕى ئه‌و بودجه‌یه‌ رێژه‌كه‌ى بۆ 0.5% كه‌مبكرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و پێشنیازه‌ ده‌نگی پێویستی نه‌هێنا ‌و به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ ره‌تكرایه‌وه‌.
پاشان كۆى ماده‌كه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌راپۆرتى لیژنه‌ى هاوبه‌شدا هاتبوو خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ كۆى ده‌نگ په‌سندكرا.
ماده‌ى دووه‌می پڕۆژه‌ یاساكه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ پێوه‌ره‌كانى دابه‌شكردنى بودجه‌ى ته‌رخانكراو بۆ حزبه‌ مۆڵه‌تدراوه‌كان، تیایدا هاتووه‌: (یه‌كه‌م: كورسیى په‌رله‌مان ده‌كرێته‌ بنه‌ما ‌و به‌هاى هه‌ر كورسییه‌ك مانگانه‌ بڕى (60) ملیۆن دینارى بۆ دیاریكراوه‌.  دووه‌م:  ژماره‌ى كورسییه‌كانى دواین دوو خولى په‌رله‌مان بۆ هه‌ر حزبێك كۆده‌كرێته‌وه‌ ‌و هه‌ر حزبێكى كوردستانى له‌ یه‌كه‌م خولى په‌رله‌مان كورسییه‌ك بۆ كۆى كورسییه‌كانى زیاد ده‌كرێت به‌ مه‌رجێك له‌ هه‌ر خولێكدا ژماره‌ى كورسییه‌كانى له‌ 4 كورسی كه‌متر نه‌بێ، سێیه‌م: هه‌ر حزبێك به‌شدارى هه‌ڵبژاردنى خولى به‌رده‌وامى په‌رله‌مانى كوردستانى كردبێت ‌و كورسیى به‌ده‌ست نه‌هێنابێ به‌ڵام رێژه‌ى (40%) یان زیاترى ده‌نگى پێویستى كورسیى به‌ده‌ست هێنابێ به‌هاى دوو كورسیى بۆ هه‌ژمار ده‌كرێت، چواره‌م: هه‌ر حزبێك به‌شداریى خولى به‌رده‌وامى په‌رله‌مانى كردبێت ‌و كورسیى به‌ده‌ست نه‌هێنابێ به‌ڵام رێژه‌ى (20% - 39%)ى ده‌نگی پێویستى كورسیى به‌ده‌ست هێنابێ به‌هاى یه‌ك كورسیى بۆ هه‌ژمار ده‌كرێت، پێنجه‌م: هه‌ر حزبێكى به‌شداربوو له‌ خه‌باتى رزگاریخوازیى كوردستان به‌ هه‌مان ناو كه‌ خاوه‌نى یه‌ك كورسی بێت له‌ خولى به‌رده‌وامى په‌رله‌مانى كوردستاندا دواى كۆكردنه‌وه‌ى ژماره‌ى كورسییه‌كانى خولى پێشوو به‌ به‌هاى دوو كورسی كۆمه‌ك ده‌كرێت، شه‌شه‌م: هه‌ر حزبێك پێش راپه‌ڕین به‌شداریى خه‌باتى رزگاریخوازى كوردستانى كردبێت ‌و له‌ خولى به‌رده‌وامى په‌رله‌ماندا كورسیى هه‌بێت، تابێت له‌ (300) ملیۆن دینار كه‌متر وه‌ربگرێت، حه‌وته‌م ‌وكۆتایی: هه‌ر حزبێك یان قه‌واره‌یه‌كى سیاسی كه‌ خاوه‌نى كورسییه‌ كۆتاكانى خولى به‌رده‌وامی په‌رله‌مانه‌، ته‌نها یه‌ك كورسیی بۆ هه‌ژمار ده‌كرێت، به‌های ئه‌و كورسییه‌ش مانگانه‌ (80) ملیۆن دیناره‌، به‌ده‌ر له‌ حوكمى بڕگه‌ى یه‌كه‌مى ئه‌و ماده‌یه‌)، له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ گفتوگۆیه‌كى تێروته‌سه‌لى له‌باره‌وه‌ كرا.
به‌هۆى بوونى بۆچوونى جیاواز سه‌باره‌ت به‌و پێوه‌رانه‌ى كه‌ كراونه‌ته‌ بنه‌ما ‌و به‌هاى كورسی و له‌ پێناو گه‌یشتن به‌ ته‌وافوقى نێوان فراكسیۆنه‌كان له‌باره‌یه‌وه‌، سه‌رۆكى په‌رله‌مان كۆبوونه‌وه‌كه‌ى بۆ سه‌عات 3ى پاشنیوه‌ڕۆ دواخست، پاشان دانیشتنه‌كه‌ ده‌ستیپێكرده‌وه‌ ‌و له‌لایه‌ن لیژنه‌ى هاوبه‌شه‌وه‌ دواداڕشتنه‌وه‌ى ماده‌كه‌ به‌ ره‌چاوكردنى سه‌رنج ‌و تێبینی ‌و پێشنیازه‌كانى ئه‌ندامانى په‌رله‌مان ‌و ته‌وافوقى فراكسیۆنه‌كان خوێندرایه‌وه‌ كه‌ تیایدا ماده‌كه‌ گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا هات ‌و  به‌مشێوه‌یه‌: 
(بودجه‌ى ته‌رخانكراو بۆ حزبه‌ سیاسییه‌ مۆڵه‌تدراوه‌كان بریتی ده‌بێت له‌ 1%ى بودجه‌ى گشتیى هه‌رێمى كوردستان ‌و به‌و پێوه‌رانه‌ دابه‌ش ده‌كرێت: یه‌كه‌م:  كورسیى په‌رله‌مان ده‌كرێته‌ بنه‌ما ‌و به‌هاى هه‌ر كورسییه‌ك مانگانه‌ (0.000375%) ده‌بێت، برگه‌كانى دووه‌م ‌و سێیه‌م ‌و چواره‌م ‌و پێنجه‌م وه‌ك خۆیان مانه‌وه‌، بڕگه‌ى شه‌شه‌م ‌و حه‌وته‌میش به‌مشێوه‌یه‌ داڕێژرانه‌وه‌: (شه‌شه‌م: هه‌ر حزبێك پێش راپه‌ڕین به‌شداریى خه‌باتى رزگاریخوازى كوردستانى كردبێت ‌و له‌ خولى به‌رده‌وامى په‌رله‌ماندا كورسیى هه‌بێت، تابێت له‌ (0.00185%) كه‌متر وه‌ربگرێت، حه‌وته‌م: هه‌ر حزبێك یان قه‌واره‌یه‌كى سیاسی كه‌ خاوه‌نى كورسییه‌ كۆتاكانى خولى به‌رده‌وامی په‌رله‌مانه‌، ته‌نها یه‌ك كورسیی بۆ هه‌ژمار ده‌كرێت، به‌های ئه‌و كورسییه‌ش مانگانه‌ (0.0005%) ده‌بێت،به‌ده‌ر له‌ حوكمى بڕگه‌ى یه‌كه‌مى ئه‌و ماده‌یه‌)، به‌مشێوه‌یه‌ كۆى ماده‌كه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سندكرا.
ماده‌ى سێیه‌مى پڕۆژه‌ یاساكه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ بێبه‌شكردنى ئه‌و حزبانه‌ى كه‌ ئه‌و یاسایه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌ له‌ بودجه‌ى ساڵانه‌ له‌ حاڵه‌تى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى یان سه‌رپێچیكردن له‌ حوكمه‌كانى یاسای ژماره‌ (17)ى ساڵى 1993ى هه‌مواركراوى حزبه‌كان، وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ راپۆرتى لیژنه‌ى هاوبه‌شدا هاتبوو خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سندكرا.
ماده‌ى چواره‌میش كه‌ تیایدا هاتبوو به‌پێى سیسته‌مى ژمێریاریی كارپێكراو له‌ هه‌رێمدا پاكسازیى بودجه‌ى حزبه‌كان ئه‌نجام ده‌درێت كه‌ ده‌كه‌ونه‌ ژێر چاودێریى دیوانى چاودێریى دارایى، وه‌ك خۆى درایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سندكرا.
پاشان له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ پێشنیازكرا كه‌ ماده‌یه‌كى تر به‌ ریزبه‌ندیى ماده‌ى پێنجه‌م بۆ یاساكه‌ زیاد بكرێت به‌مشێوه‌یه‌: پێویسته‌ له‌سه‌ر وه‌زاره‌تى دارایى ‌و ئابووری رێنمایى پێویست ده‌ربكات بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌م یاسایه‌، ئه‌و پێشنیازه‌ش خرایه‌ ده‌نگه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سندكرا.
ماده‌ى پێنجه‌مى پڕۆژه‌ یاساكه‌ش كه‌ دواى زیادكردنى ماده‌ى پێشوو بوو به‌ ماده‌ى شه‌شه‌م كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ پابه‌ندكردنى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ جێبه‌جێكردنى ئه‌م یاسایه‌، وه‌كو خۆى خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سندكرا.
ماده‌ى حه‌وته‌میش كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ كاركردن به‌یاساكه‌ له‌ ڕۆژی بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمیى وه‌قایعی كوردستاندا، له‌ ئه‌نجامى گفتوگۆكردنیدا دوو بۆچوون هه‌بوو كه‌ یه‌كێكیان له‌گه‌ڵ ئه‌وادابوو كه‌ ماده‌كه‌ وه‌كو خۆى بمێنێته‌وه‌، بۆچوونه‌كه‌ى تریشیان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دابوون كه‌ ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژى 1/1/2014 ه‌وه‌ جێبه‌جێبكرێت، سه‌ره‌تا بۆچوونى یه‌كه‌م خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سندكرا.
 پاشان هۆكاره‌كانى ده‌رچوواندنى یاساكه‌ كه‌ تیایدا هاتبوو له‌ پێناو گه‌شه‌كردن ‌و په‌ره‌دان به‌ پرۆسه‌ى سیاسی ‌و فره‌ییی حزبی له‌ هه‌رێمدا ‌و چه‌سپاندنى دیموكراسییه‌ت ‌و به‌شداریى چالاكییان له‌ ژیانی سیاسیدا، هه‌روه‌ها رێكخستنى بودجه‌ى حزبه‌ مۆڵه‌ت پێدراوه‌كانى هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كى شه‌فاف ‌و دادپه‌روه‌رانه‌ له‌ بودجه‌ى گشتیدا، خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سندكرا.
به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ سه‌رۆكى په‌رله‌مان ده‌ستخۆشیى له‌ ماندووبوونى لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ‌و ئه‌ندامانى په‌رله‌مان كرد ‌و پیرۆزبایشی له‌ خه‌ڵكى كوردستان ‌و ئه‌ندامانى په‌رله‌مان كرد به‌بۆنه‌ى ده‌رچوواندنى ئه‌م یاسایه‌.
پێش ده‌ستپێكردن به‌خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كار له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ به‌پێی پیره‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان چه‌ند بیرۆكه‌یه‌ك خرایه‌روو كه‌ تیایدا كێشه‌و گرفته‌كانی بواری مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و كێشه‌ی سوته‌مه‌نی و گرفته‌كانی ره‌وه‌ندی كوردی له‌ده‌ره‌وه‌ی ولات و هه‌روه‌ها كرێی سه‌فه‌ری حاجیانی هه‌رێمی كوردستان و پرسی  ئاماده‌كاری بۆ ریفراندۆم له‌هه‌رێمی كوردستانی كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو  ئه‌و به‌ڵگه‌و یاسا نێوده‌وله‌تیانه‌ی ته‌ئكید له‌مافی گه‌لان ده‌كاته‌و ه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم.
پاشان به‌پێ خالی دووه‌می  به‌رنامه‌ی كار كه‌ بریتی بوو له‌ راگه‌یاندنی كۆتاییهاتنی خولی گرێدانی دووه‌م ساڵی یه‌كه‌م له‌ خولی چواره‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌لایه‌ن به‌ڕێز سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌پێی بڕگه‌ی (2) له‌ ماده‌ی (17)ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان ژماره‌ (1)ی هه‌مواركراوی ساڵی 1992ی په‌رله‌مانی كوردستان-عیراق.  سه‌رۆكی په‌رله‌مان وتارێكی پێشكه‌ش كردوو رایگه‌یاند: به‌بۆنه‌ی كۆتایی  هاتنی خولی گرێدانی دووه‌می ســـاڵی یه‌كه‌م، له‌ خولی هه‌ڵبژاردنی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان ـ عیراق، به‌ناوی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌، ده‌ستخۆشی له‌سه‌رجه‌م لیژنه‌و فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان و سه‌رجه‌م   په‌رله‌مانتاران ده‌كه‌ین، كه‌ له‌ ماوه‌ی رابردودا پشوودرێژانه‌ توانیتان ئه‌ركه‌كانی سه‌رشانتان راپه‌ڕێنن و نمونه‌یه‌كی جوان له‌ كاری په‌رله‌مانی پێشكه‌شبكه‌ن.
د. یوسف محمدصادق روونیشكرده‌وه‌  سه‌ره‌ڕای ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی كه‌ بوونه‌ هۆی دواكه‌وتنی پێكهاتنی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، به‌ڵام له‌ ماوه‌ی ئه‌و(٣)مانگه‌ی خولی هه‌ڵبژاردنی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ستبه‌كاربووه‌، توانیویه‌تی سه‌ركه‌وتوانه‌ كۆمه‌ڵێك له‌و ئه‌ركانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر شانی بووه‌، جێبه‌جێبكات. و وتیشی: له‌ سه‌رووی هه‌موشیانه‌وه‌ متمانه‌دان به‌ كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ستكردن به‌هه‌نگاوه‌كانی هه‌موار كردنه‌وه‌ی په‌یره‌ی ناوخۆی په‌رله‌مان، كه‌ له‌ رێگه‌یه‌وه‌ توانرا چه‌ند لیژنه‌یه‌كی پێویست و گرنگ بۆ په‌رله‌مان زیاد بكرێت و  بۆ جاری سێیه‌م، یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانی به‌ شێوه‌یه‌ك هه‌مواركردوه‌ كه‌ له‌ گه‌ڵ پره‌نسیپه‌ دیموكراسیه‌كاندا بگونجێ و سه‌ره‌تایه‌ك بۆ بنبڕكردنی ئاسه‌واری دوو ئیداره‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان . سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌میانی وتاره‌كه‌یدا ررونیكرده‌وه‌  له‌م خوله‌دا سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان توانیوویه‌تی هاوسه‌نگی وهه‌ماهه‌نگی  درووست بكات له‌گه‌ڵ هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن (سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان) بۆ راپه‌راندنی كاروباره‌كان. له‌كۆتای وته‌كه‌شیدا د. یوسف محمد سادق  داوا له‌ په‌رله‌مانتاران و لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان كرد، كۆشش بكه‌ن بۆ ئاماده‌كردنی زۆرترین ئه‌و پرۆژه‌ یاسایانه‌ی كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستاندایه‌ و به‌رده‌وام بن له‌ چوونه‌ ناو خه‌ڵك و له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ كێشه‌و گرفته‌كانییان وبه‌دواداچوون بۆ كارو پڕۆژه‌كانی حكومه‌ت.
بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی وتاره‌كه‌ كلیكی ئه‌م لینكه‌ بكه‌::
http://perleman.org/Default.aspx?page=article&id=19934&l=3 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>