لیژنه‌ی بازرگانی و پاراستنی مافه‌كانی به‌كاربه‌ر چه‌ند پرسێكی گرنگى تایبه‌ت به‌ كاره‌كانی تاووتوێ ده‌كات

05/12/2017 08:32:00 ص
به‌ مه‌به‌ستی ئاگاداربوون له‌ چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌چوونی كار و چالاكییه‌كانی لیژنه‌ی پشكنین و چاودێریی بازاڕه‌كان له‌ شاری هه‌ولێر، رۆژی 4/12/2017، لیژنه‌ی بازرگانی و پاراستنی مافه‌كانى به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئاسایی خۆیدا پێشوازیی كرد له‌ نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید، قایمقامی قه‌زاى ناوه‌ندیی هه‌ولێر و هه‌ر یه‌ك له‌ سه‌رۆكی به‌شی چاودێریی بازاڕ و كوالیتی كۆنتڕۆلی ده‌رمان و به‌ڕێوه‌به‌ری تاقیگه‌ی ناوه‌ندیی پشكنینی سووته‌مه‌نیی سه‌ربه‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌ری پاراستنی ته‌ندروستیی هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌ری چاودێریی بازرگانی و سه‌رۆكی لیژنه‌ی به‌دواداچوونی موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان له‌ شاری هه‌ولێر و نوێنه‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ڤێته‌رنه‌ری و هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی پۆلیسی شاره‌وانی و پۆلیسی رێككاری.
له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتیى ماجد عوسمان، سه‌رۆكى لیژنه‌ و ئاماده‌بوونى جێگرى سه‌رۆك و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو،  هه‌ریه‌ك له‌ نوێنه‌رانی فه‌رمانگه‌ تایبه‌ته‌كان كه‌ ئه‌ندامن له‌ لیژنه‌ی پشكنین و چاودێریی بازاڕ، كۆمه‌ڵێك سه‌رنج و تێبنی و پێشنیازیان خسته‌ روو بۆئه‌وه‌ی له‌ رێگه‌ی لیژنه‌ی بازرگانی و پاراستنی مافه‌كانی به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بتوانرێت كاره‌كانیان به‌ گوێره‌ى یاسا و رێنمایی تایبه‌ت رێكبخرێت و ئه‌و سه‌رپێچی و فێڵكارییانه‌ی له‌ بواری بازرگانیدا هه‌ن كۆنتڕۆل بكرێن و بنبڕ بكرێن، به‌ تایبه‌تی له‌ بوارى هێنانه‌ ژووره‌وه‌ى كۆمه‌ڵێك جۆرى ده‌رمان و پێداویستیی پزیشكی كه‌ به‌شێوه‌ی قاچاغ دێنه‌ هه‌رێمی كوردستان و به‌ كوالیتی كۆنتڕۆلدا تێناپه‌ڕن و ده‌بنه‌هۆی زیانگه‌یاندن به‌ هاووڵاتییان، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌ كۆمه‌ڵێك جۆرى خۆراك و گۆشت كرا كه‌ گومانیان لێده‌كرێت به‌ تایبه‌تی جۆره‌كانی برنج و گۆشتی هیندی كه‌ هه‌ندێجار له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ رێگه‌ی پێده‌درێت. 
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر نرخی شتومه‌ك و كاڵاكان و جیاوازیی نرخه‌كانیان له‌ بازاڕه‌ جیاجیاكاندا و چۆنیه‌تیی پاراستن و كۆكردنه‌وه‌ و عه‌مباركردنی خۆراك و ده‌رمان به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست و نرخی ئه‌مپێرى كاره‌باى موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان و كێشه‌ى به‌كارهێنانی گازی خراپ و زیانبه‌خش كرا،  هه‌روه‌ها پرسه‌كانی دابه‌شكردنی نه‌وت به‌سه‌ر هاووڵاتییان له‌ وه‌رزی زستان و نۆڕینگه‌كانى پزیشكانی ڤێته‌رنه‌رى و پاراستنی ته‌ندروستیی ئاژه‌ڵ و به‌رووبوومه‌كانى ئاژه‌ڵ و هاورده‌كردنی گۆشتی مریشك و به‌رهه‌مهێنانی هێلكه‌ و مریشك ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.
دوای گفتوگۆیه‌كی چڕوپڕ له‌سه‌ر سه‌رجه‌م پرسه‌كان، ژماره‌یه‌ك پێشنیاز گه‌ڵاڵه‌كران كه‌ بریتی بوون له‌:
- گرنگیی هۆشیاركردنه‌وه‌ى هاووڵاتییان له‌سه‌ر داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانیان له‌ كاتی كڕینی پێداویستییه‌كانیان و بایه‌خدان به‌ رۆلی راگه‌یاندن بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌.
- ده‌زگای كوالیتی كۆنتڕۆل پێویسته‌ ده‌زگایه‌یكی سه‌ربه‌خۆ بێت نه‌وه‌ك هه‌ر به‌شێكی به‌ وه‌زاره‌تێك ببه‌سترێت بۆئه‌وه‌ی بتوانێت به‌ سه‌ربه‌خۆیی كاری خۆی ئه‌نجام بدات.
- چاوخشاندنه‌وه‌ به‌و یاسایانه‌ی كه‌ تا ئێستا هه‌رێمی كوردستان پێوه‌ی پابه‌نده‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێستادا گونجاو نییه‌ به‌تایبه‌تی چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ یاسای (مزاوله‌ الصیادله‌) كه‌ له‌ ساڵانی حه‌فتاكانه‌وه‌ تا ئێستا پیاده‌ده‌كریًت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ لیژنه‌ی بازرگانی و پاراستنی مافه‌كانی به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانی كوردستان داوای له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى لیژنه‌كان كرد له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا بۆئه‌وه‌ی پێشنیاز و تێبینیی خۆیان پێشكه‌ش به‌ لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی بتوانێت به‌ یاسا و رێنمایی گونجاو بۆیان رێكبخات.
- چاوخشاندنه‌وه‌ و زیادكردنی سزاكان كه‌ ئێستا زۆر كه‌من و كاریگه‌ر نین.
- دانانی ئامێر و تاقیگه‌ی پێویست له‌ سنووره‌كان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئامێر گه‌ڕۆكه‌كانى پشكنینی سووته‌مه‌نی بۆ ناو شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆئه‌وه‌ی كاره‌كانیان چڕتر بكه‌ن.
- چاودێریكردنی زیاتری شوێنه‌كانی مه‌ساج و مه‌له‌وانگه‌ و كافتریا و چێشتخانه‌كان و هۆتێله‌كان و هه‌روه‌ها هه‌وڵدان بۆ كه‌مكردن و بنبڕكردنی هه‌ندێ دیارده‌ی زیانبه‌خش به‌ گه‌نجان وه‌ك به‌كارهێنانی نێرگیله‌، كه‌ جیگه‌ له‌ زیانی ئابوورى زیان به‌ جه‌سته‌ی مرۆڤ و ژینگه‌ش ده‌گه‌یه‌نێت.
له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا به‌ڵگه‌نامه‌ی سوپاس و پێزانین به‌ ناوی په‌رله‌مانی كوردستان و لیژنه‌ی بازرگانی و پاراستنی مافه‌كانی به‌كاربه‌ر به‌ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لیژنه‌كان به‌خشرا. 

رۆژمێرى رووداوه‌كان