پەرلەمان هه‌وڵ بۆ بە دۆکیۆمێنتكردنی تاوانەکانى دووزخورماتوو دەدات

06/12/2017 11:50:00 ص
لیژنه‌ى ناوچه‌ کوردستانییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم کۆبۆوە و لە کۆبوونەوەکەدا باس لە رەوشى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم و  تاوانەکانى كه‌ بەسەر خەڵکى دووزخورماتوودا هاتووه گفتوگۆى لەسەر کرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2017/12/6، لیژنه‌ى ناوچه‌ کوردستانییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم لە هۆڵى لیژنە له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان، بە سه‌رپه‌رشتیی شوان شێخ ئەحمەد، سەرۆکى لیژنەو ئاماده‌بوونی زۆربەى ئەندامانى کۆبوونەوەى ئاسایى خۆى ئەنجامدا.
لەسەرەتاى کۆبوونەوەکە شوان شێخ ئەحمەد، سەرۆکى لیژنه‌ى ناوچه‌ کوردستانییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم، باسى لە دانانى بەرنامەى کارى لیژنەکە کرد و رایگەیاند: "لە دانیشتنى ئەمڕۆى پەرلەمانى کوردستان راپۆرتێکى لیژنە لەسەر رەوشى ئاوارەکانى دووزخورماتوو دەخویندرێتەوە و هەروەها لەمەودوا کۆبوونەوەکانى لیژنە زیاتر لەوەى رابردوو دەکرێت و بارودۆخى کوردستان پێویستیى بەوەیە کە کارى زیاتر بکەین".
لە بەشێکى دیكه‌ی کۆبوونەوەكه‌دا گفتوگۆگۆ لەسەر رەوشى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم و ئەو تاوانانەى بەسەر خەڵکى دووزخورماتوودا هات باسکرا.
ئەندامانى لیژنەى ناوچه‌ کوردستانییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم بە گرنگییان زانى کە هێزى چەکدارى حەشدى شەعبى لە دووزخورماتوو بچێتە دەرەوە و خەڵکى ئاوارە بگەڕێنەوە و ئارامى و ئاسایش بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە.
هه‌ر لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوەكرا کە بە پێى رێكکەوتنى عێراقى_ئەمریکى هێزێکى تایبەت ژیانى خەڵکى دووخوزرماتوو بپارێزێت و بەهۆى ئەوەى ئاوارەکانى دووزخورماتوو لە ژیانێکى خراپدا ده‌ژین و قەرەبووى مادى بکرێنەوە.
لیژنەکە بڕیاریدا کە هەموو ئەو تاوانانەى بەسەر خەڵکى دووزخورماتوودا هاتووە بە دۆکیۆمێنت بکرێن لە رێگەى لیژنەیەکى تایبەتى یاسایى و لە رێگەى دادگاوە مافەکانیان بۆ بگەڕێتەوە و ئەو تاوانانەش بە تاوان دژ بەخەڵکى مەدەنى بناسرێندرێن.

رۆژمێرى رووداوه‌كان