لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ كۆبۆوه‌

16/07/2018 01:01:00 م
به‌مه‌به‌ستی له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ ره‌وشی په‌روه‌رده‌ و خوێندن و  ئه‌زموونه‌كان و ئاماده‌كارییه‌كان بۆ خولی دووه‌می تاقیكردنه‌وه‌كان، سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ  دووشه‌ممه‌ 16/7/2018، لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، به‌سه‌رپه‌رشتیی د.ئیبراهیم ئه‌حمه‌د سمۆ، سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی بڕیارده‌ر و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامان و راوێژكارانی لیژنه‌كه‌، له‌ هۆڵی لیژنه‌ له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان، میوانداریی مه‌ریوان به‌گۆك، به‌ڕێوبه‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ به‌وه‌كاله‌ت و كه‌ریم له‌تیف، به‌ڕێوبه‌ری گشتیی ئه‌زموونه‌كانی كرد.
كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌باسكردنی كه‌موكوڕی و گرفته‌كانی تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتایی ساڵی پۆله‌كانی 9ی بنه‌ڕِه‌تی و 12ی ئاماده‌یی و ئاماده‌كارییه‌كان بۆ خولی دووه‌می تاقیكردنه‌وه‌كان كه‌ چۆن بتواندرێت كێشه‌و  كه‌موكوڕییه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن.
له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ به‌رپرسانی وه‌زاره‌ت ڕوونكردنه‌وه‌و ئاماده‌كارییه‌كانیان خسته‌ڕوو كه‌ زۆربه‌ی ئاماده‌كارییه‌كانیان ته‌واو بووه‌.
له‌لایه‌ن خۆشیانه‌وه‌ سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ پێشنیازو سكاڵا و داواكارییه‌كانی كه‌ به‌ده‌ستیان گه‌یشتبوو خسته‌ڕوو. 

رۆژمێرى رووداوه‌كان