جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەشداری لە كۆنفرانسی" رۆڵی پەرلەمان و حكوومەت لە سیستەمی سیاسی هەرێمی كوردستان" دا دەكات

24/09/2018 04:50:00 م

ئەمڕۆ 24/9/2018 دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەشداریی لە كۆنفرانسێكی ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو كرد، لەژێر ناونیشانی " رۆڵی پەرلەمان و حكوومەت لە سیستەمی سیاسی هەرێمی كوردستان".

لە پانێلی یەكەمی كۆنفرانسەكەدا، كە تایبەتبوو بە ئەزموونی پەرلەمان لە هەرێمی كوردستان، جێگری سەرۆكی پەرلەمان شیكردنەوەیەكی تێروتەسەل دەربارەی ئەرك و كاروچاڵاكییەكانی پەرلەمان هەر لە دامەزراندنییەوە تا ئێستا پێشكەشكرد و وتی " ئامانجی ئەوەبوو پرۆسەیەكی جیاواز لە عیراق بكرێت ئەویش پرۆسەیەكی دیموكراتی بوو بە بەشدارییەكی زۆری خەڵكی كوردستان چونكە ئیرادەیەیەكی بەهێز هەبوو بۆ پەیرەوكردنی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان". هەروەها ئاماژەشی بە رۆلی هەڵبژاردن و پەرلەمان لە سیستەمی سیاسی هەرێمی كوردستان كرد و رایگەیاند كە تەوافوق وایكرد لە قۆناغی هەرەسەختەكان دەربازببین و دەبێت تەوافوقیش هاوتەریببێت لەگەڵ پرۆسەی سیاسی چونكە پراكتیزەكردنی دیموكراسی سێ چەمكی ئەساسی هەیە ئەویش سەروەریی یاسا و دەوڵەتی مۆدێرن و چاودێریكردن. سەبارەت بە شێوازی پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا،جێگری سەرۆكی پەرلەمان وتی" دەبێت بە واقعییەت سەیری ئایندەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عیراق بكەین و دەبێت ئەنجومەنی ئیتیحادی دابمەزرێت. دەربارەی قۆناغی ئێستاش دكتۆر جەعفەر ئێمینكی ئاماژە بە گرنگیی هەڵبژاردن لە ئێستا دا كرد و رایگەیاند كە ئەم هەڵبژاردنە بۆ پێگەی هەرێمی كوردستان زۆر گرنگ بوو و هیچ پاساوێك بۆ دواخستنی نەبوو.

لە كۆتاییدا، ئامادەبووان چەند پرسیارێكیان ئاراستەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كرد سەبارەت بە پرۆسەی سیاسی و ئەزموونی پەرلەمان.   


رۆژمێرى رووداوه‌كان