ليژنەی یاسایی راپۆرتی كۆتایی سه‌باره‌ت به‌پێشنیازی كاراكردنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم ئاماده‌ ده‌كات

04/04/2019 03:32:00 م
کاتژمێر ۱۲ى نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشه‌مه‌ ٤/٤/۲۰۱۹، لیژنەی كاروباری یاساییی پەرلەمانی کوردستان، بە سه‌رپه‌رشتیی بژار خالد، سەرۆکى لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگر و بڕیاردەر و ئەندامانی لیژنەکە کۆبووه‌وه‌.
کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاووتوێکردنی ئەو پێشنیازانەی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان کە لەدانیشتنی ژماره‌ (4)ى ئاسایی رۆژی ۳/٤/۲۰۱۹، كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ خوێندنه‌وه‌ى دووه‌می پێشنیازی كاراكردنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان-عێراق و هه‌موارى شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك تاپه‌سندكردنی ده‌ستوور خستبوویانەڕوو، پاش تاووتوێکردنی سەرجەم ماددەکانی پێشنیازى یاساکە لەلایەن لیژنەکە هەموو ئەو پێشنیازانە جێگیرکران کە پاڵپشتیی ۳ پەرلەمانتاریان هەبوو، دوابەدوای کۆبوونەوەکەش بڕیاریاندا بە ڕاپۆرتێک سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانی لێ ئاگادار بکەنەوە. 
شایانی باسکردنە پێشنیازی یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان تا ئێستا خوێندنەوەی دووەمی بۆ کراوە و بڕیار وایە لەهەفتەی داهاتوودا لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەنگی لەسەر بدرێت.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>