لیژنەی شەهیدان مۆنیۆمێنتی شەهیدان لەهەولێر بەسەر ده‌كاته‌وه‌

22/04/2019 01:31:00 م
بەمەبەستی بەسەرکردنەوەی مۆنیۆمێنتی شەهیدان لەشارى هەولێر، سەعات ۹ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ 2019/4/22، شاندێكى لیژنه‌ى كاروبارى شه‌هیدان و جینۆسایدو زیندانییانی سیاسی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، به‌سه‌رۆكایه‌تیی سوسن محه‌مه‌د میرخان، سەرۆکی لیژنە و ژیان تاهر ئه‌حمه‌د، جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ و هه‌ژان حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د، بڕیارده‌رى لیژنه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌، سەردانی مۆنیۆمێنتی شه‌هیدانیان له‌ شارى هه‌ولێر کرد.
لە سەردانەکەیاندا  یەک بەیەکی هۆڵ و ژوورەکانی مۆنیۆمێنته‌كه‌یان بەسەرکردەوە و لەنزیکەوە بارودۆخی بیناکەیان هەڵسەنگاندو لەلێدوانێکیشیدا بۆ ماڵپەری پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی لیژنەی كاروبارى شەهیدان مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌یانی بۆ مۆنیۆمێنته‌كه‌ روونكرده‌وه‌ كه‌ بۆ له‌ نزیكه‌وه‌ بینینی دۆخى بیناى مۆنیۆمێنته‌كه‌یه‌‌و ڕایگەیاند: "لەئێستادا مۆنیۆمێنته‌كه‌ زۆر وێران بووەو پێویستیی بەنۆژەنکردنەوە هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕۆڵیان هەبێت و بتوانرێت لەزووترین کاتدا چارەسەری گرفتەکان بکرێت و بەڕووی سه‌ردانیكه‌ران و هاووڵاتییاندا بکرێتەوە و لەداهاتوویەکی نزیکدا بەدواداچوونی زیاتری بۆ دەکەن".
بڕیاره‌ لیژنەی کاروباری شەهیدان و قوربانیانی جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی، بەڕاپۆرتێک سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان له‌ئه‌نجامى سەردانەکەیان ئاگادار بکەنەوە.
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>