لیژنه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى به‌دواداچوون بۆ چاكسازیى نه‌وجه‌وانان و ئافره‌تان ده‌كات

07/05/2019 11:09:00 ص
له‌درێژه‌ی به‌داواداچوونه‌كانی بۆ ره‌وشی چاكسازییه‌كان و به‌ندكراوان، سه‌عات 10ى به‌یانیى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 7/5/2019، شاندێكی لیژنه‌ی كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن له‌ مافی ئافره‌ت و له‌ مافی مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، كه‌ پێكهاتبوو له‌ رۆمیۆ هه‌كارى، سه‌رۆكى لیژنه‌و جێگرو بڕیارده‌رو ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامان و راوێژكارانى لیژنه‌كه‌، سه‌ردانى چاكسازیى نه‌وجه‌وانان و ئافره‌تانى هه‌ولێر-یان كرد.
له‌ دیدارێكدا به‌ڕێوه‌به‌رو ستافى چاكسازى و ئه‌ندامى داواكارى گشتیى نه‌وجه‌وانان و ئافره‌تانى هه‌ولێر كێشه‌و گرفته‌كانیان خسته‌ به‌رده‌م لیژنه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و شانده‌كه‌ى په‌رله‌مانیش له‌نزیكه‌وه‌ گوێى له‌ كێشه‌و گرفت و داخوازییه‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ گرت و ئه‌و یاسایانه‌ى كرا كه‌كه‌موكوڕییان تێدایه‌و پێویستییان به‌هه‌مواركردنه‌وه‌ هه‌یه‌ گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا.
هه‌روه‌ها هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر پێویستیی به‌جدى كاركردن له‌سه‌ر  بنه‌ماكانى مافى مرۆڤ كرده‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى به‌ندكراوان سوودى لێوه‌ربگرن تاكو له‌كاتى ئازادكردنیاندا به‌ندكراو چاكسازبێت و جارێكى تر نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر هیچ هه‌ڵه‌یه‌ك و دووباره‌ به‌ند بكرێته‌وه‌.
دواتر شانده‌كه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان سه‌ردانى به‌ندكراوه‌ نه‌وجه‌وان و ئافره‌ته‌كانى كرد كه‌ ژماره‌یان (225) به‌ندكراو ده‌بوو و راسته‌وخۆ گوێیان له‌كێشه‌و داوكارییه‌كانیان گرت و لیژنه‌كه‌ش به‌فه‌رمى داواى له‌ به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى چاكسازیى نه‌وجه‌وان و ئافره‌تان كرد كه‌ به‌نووسراو سه‌رجه‌م داواكارى و كێشه‌و گرفته‌كان پێشكه‌شى لیژنه‌كه‌ بكه‌ن تا له‌گه‌ڵ پێكهێنانى كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێم كاریان له‌سه‌ر بكه‌ن.
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>